ڕێنماییەکانی گۆڤاری ڕاپەڕین بۆ توێژەر بە زمانی کوردی
ڕێنماییەکانی گۆڤاری ڕاپەڕین بۆ زانستە مرۆڤایەتییەکان بۆ توێژەران
1. ڕێکارەکانی پێشکەشکردنی توێژینەوە لەلایەن توێژەرەوە
گۆڤاری ڕاپەڕین بۆ زانستە مرۆڤایەتییەکان (RJH) سەرجەم توێژینەوە ڕەسەن و بڵاونەکراوەکانی بواری (کوردی و عەرەبی و ئینگلیزی و فارسی و مێژو و جوگرافیا و فەلسەفە و شوێنەوار و دەرونزانی و کۆمەڵناسی و کارگێڕی و زانستە ئیسلامییەکان و ڕاگەیاندن و پەیوەندییەکان) لە چوارچێوەی ڕێنماییەکانی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی وەردەگرێت. توێژینەوەکە نابێت پێشتر بڵاوکرابێتەوە یان لەلایەن گۆڤارێکی دیکەوە وەرگیرابێت و خرابێتە پرۆسەوە.
توێژینەوەکان پێویستە بە زمانێکی ڕون و ئەکادیمی نوسرابن، پێویستە تەواوی ڕێنماییەکانی (RJH) ڕەچاوکرابن. هەروەها توێژەری هەماهەنگ بەرپرسیارە لە دڵنیابون لەوەی کە هەمو توێژەرانی تری هاوبەشی خۆی پێش پێشکەشکردن پێداچونەوەیان بۆ توێژینەوەکە کردوە و ڕەزامەندن لەسەر کۆتا کۆپی توێژینەوەکە.
هەمو توێژینەوەیەک دەبێت لە ڕێگەی پۆرتاڵی فەرمی (RJH) بە شێوەی ئۆنلاین پێشکەش بکرێت. بەر لە پێشکەشکردنی توێژینەوەكە، توێژەران پشتڕاستی ئەوە دەکەنەوە، کە کارەکانیان لەگەڵ ڕێسا و یاساکانی (RJH) دەگونجێت.
2. ڕێکارەکانی پرۆسەی هەڵسەنگاندن
گۆڤاری (RJH) لە پرۆسەی هەڵسەنگاندن پشت دەبەستێت بە شێوازی نائاشنای دوانەیی (Double Blind Peer Review) لە دوای هەر پێشکەشکردنێک کە دەکرێت، ڕاستەوخۆ لەلایەن دەستەی نوسەرانەوە پشکنینی بۆ دەکرێت بۆ ئەوەی بزانرێت ئایا توێژینەوەکە لەگەڵ پسپۆری و ڕێنماییەکان (RJH) دەگونجێت، دواتر پشکنینی تەواو بۆ (Plagiarism) و زیرەكی دەستكرد و داتای توێژینەوەکە دەکرێت. پاشان هەڵسەنگێنەری پەیوەندیدار بە پسپۆری توێژینەوەکەی بۆ دیاریدەکرێت، تاوەکو ڕونی، ڕێسا، ئامانجی توێژینەوەکە هەمو لایەنە زانستی و میتۆدۆلۆژییەكانی هەڵبسەنگێنێت. پێویستە توێژەر ئاگاداربێت لەوەی، کە ئەنجامی هەڵسەنگاندنی توێژینەوەکەی دەکرێت پەسەندکردن یان پەسەندنەکردن بێت، یان تێبینی و چاککردن بێت. ئەگەر داوای چاککردن لە توێژەر کرا، ئەوا پێویستە توێژەر کار لەسەر سەرجەم تێبینییەکانی هەڵسەنگێنەران بکات، لە كاتی جێبەجێنەكردنی سەرنج و تێبینییەكانی هەڵسەنگێنەران توێژینەوەكە بە پەسەندنەكراو هەژماردەكرێت.
3. سەرجەم مافەکانی توێژەران
سەرجەم توێژینەوە بڵاوکراوەکان خاوەن مۆڵەتی (Creative Commons Attribution (CC BY)) نن و مافی خاوەندارییەتییان بۆ توێژەر پارێزراوە و گۆڤاری (RJH) یەکەمین دەزگای بڵاوکەرەوە. (RJH) ڕێگە بە خوێنەرانی دیکە یان توێژەرانی دیکە دەدات، تاوەکو سودببینن لە سەرجەم توێژینەوەکان و بەکاریانبهێننەوە بە مەرجی ئەوەی ئاماژە بە ناوی توێژەر و گۆڤاری (RJH) بدرێت بە تەواوی.
4. بنەما ئاکارییەکانی گۆڤاری ڕاپەڕین بۆ زانستە مرۆڤایەتییەکان (RJH)
گۆڤاری ڕاپەڕین بۆ زانستە مرۆڤایەتییەکان پابەندە بە جێبەجێکردن و ڕاگرتنی بەرزترین و باشترین یاساکانی ئەکادیمی، یەکسانی، ئاکاری بەرز لە هەمو لایەنەکانی بڵاوکردنەوەی زانستیدا. (RJH) پابەندە بە بنەما نێودەوڵەتییە دانپێدانراوەکان، وەک (Committee on Publication Ethics (COPE)).
گۆڤاری ڕاپەڕین چاوەڕێی ئەوە دەکات، کە هەمو توێژەرێک و هەڵسەنگێنەران و سەرنوسەران بە درێژایی پرۆسەی بڵاوکردنەوە بە بەرپرسیارانە و ڕاستگۆیانە مامەڵە بکەن. هەر توێژەرێک دەبێ دڵنیابێت لەوەی کە توێژینەوەکەی ڕەسەنە و بە ڕێکوپێکی پێشکەشکراوە و دورە لە گزی و فێڵ (Plagiarism). هەر لێکۆڵینەوەیەک کە مرۆڤ یان ئاژەڵ تێیدا بەشدار بێت، دەبێت پابەندبێت بە ستانداردە ئاکارییەکان، لەوانەش وەرگرتنی ڕەزامەندی لایەنی پەیوەندیدار و لە لیژنە پەیوەندیدارەکان.
هەڵسەنگێنەران پێویستە بەشێوەیەکی دادپەروەرانە و بە نهێنی هەڵسەنگاندنی توێژینەوەکان بکەن. دەستەی نوسەران بەرپرسیارن لە دڵنیابون لە بڕیارە بێلایەنەکانی هەڵسەنگێنەران، پاراستنی نهێنی و مامەڵەکردن لەگەڵ هەر ناکۆکیەک بەشێوەیەکی گونجاو. (RJH) سیستەمی (Double Blind Peer Review) بەکاردەهێنێت بۆ پاراستنی یەکپارچەیی پرۆسەی پێداچونەوە.
هەروەها، (RJH) بە توندی ڕێگری لە هەر جۆرە هەڵسوکەوتێکی نادروستی ئەکادیمی دەکات، لەوانە گزی، دروستکردن یان ساختەکردنی زانیاری، پێشکەشکردنی دوبارە، یان توێژینەوەی ساختە. هەر هەڵسوکەوتێكی نادروست بە تەواوی لێکۆڵینەوەیان لەسەر دەکرێت و لە کاتی پێویستدا ڕێوشوێنی گونجاوی وەک ڕەتکردنەوە، ڕاستکردنەوە، یان ئاگادارکردنەوەی توێژەر دەگیرێتەبەر. بە پابەندبون بەم بنەمایانە، (RJH) ئامانجی ئەوەیە متمانە و ستانداردە زانستییەکان بپارێزێت و ڕۆڵی بەرپرسیارانە ببینێت لە پێشخستنی زانست.
5. ڕەسەنایەتی و گزی
هەر توێژینەوەیەک کە پێشکەش دەکرێت زۆر بە وردی و چڕی پشکنینی بۆ لایەنی گزی بۆ دڵنیابون لە پاکی و ڕەسەنایەتی توێژینەوەکە دەکرێت بە بەکارهێنانی باشترین ئامرازەکانی دیاریکردنی ڕێژەی گزی. هەر توێژەرێک پێویستە دڵنیابێتەوە لەوەی کە توێژینەوەکەی پاکە و ئاماژەپێدانەکانی ناو توێژینەوەکەی ڕاست و دروستن.
ڕێژەی دیاریکراوی سەرجەمی لێکچون (Similarity) بۆ (Plagiarism) نابێت لە (٪١٥) تێپەڕ بکات، هەروەها بۆ هەر تاکە سەرچاوەیەک نابێت لە (٪٥) تێپەڕ بکات. بە پێچەوانەوە، هەر توێژینەوەیەک زیاتر بو لەو ڕێژەیە ڕەت دەکرێتەوە.
ڕێژەی بەكارهێنانی زیرەكی دەستكرد کاتێک قبوڵە بە ڕیژەی (٪٥) کاتێک قبوڵە کە تەنها بەکارهاتبێت بۆ بەرەو پێشبردنی لایەنی زمان بەو ڕێژەیەیی کە دیاری کراوە، هەروەها نابێت بە هیچ شێوازێک ناوەرۆکی پێ نوسرابێت، یان کرداری رونکردنەوە ، شرۆڤەی داتاکانی پی بکرێت، ئاگاداربە هەر توێژینەوەیەک زیاتر بو لەو ڕێژەیە ڕەت دەکرێتەوە.
گۆڤاری ڕاپەڕین هەر حاڵەتێکی گزی بە بە ناڕەوا وەردەگرێت و ڕێنماییە نێودەوڵەتییە دانپێدانراوەکان پەیڕەودەکات بۆ چارەسەرکردنی هەر هەڵسوکەوتێکی نادروستی ئەکادیمی.
6. ڕێکخستنی ناوی توێژەران و کاتی بڵاوکردنەوە:
- پێویستە توێژەر سەرجەمی ناوی توێژەران بنوسێت لەسەر توێژینەوەکە ڕیزبەندی بکات لە گەڵ هەژمارەکە هەمان ڕیزبەندی و شوێنی کارکردنی هەبێت بەپێچەوانەوە لە گۆڤار قبوڵ ناکرێت.
- دوای پێدانی نامەی پەسەندکردن بە هیچ شێوەیەک گۆڕانکاری لە کاتی بڵاوکردنەوەدا ناکرێت.
- دوای بڵاوبونەوە و پەسەندکردن بە هیچ شێوەیەک دەستکاری ناوی توێژەران ناکرێت و زیاد ناکرێت.
7. شێوازی ڕێکخستنی توێژینەوە:
توێژەر پێویستە توێژینەوەکەی بەم جۆرەی خوارەوە ئامادەبکات بۆ ئەوەی ڕون و ئاسان بێت لە کاتی پێداچونەوە و بڵاوکردنەوەدا:
جۆری فۆنت و ڕێکخستن:
لینکی فێرکاریەکان لە خوارەوە هەیە
- بۆ سەرجەم زمانەکان پێویستە فۆنتی جۆری (Calibri) ڕەنگی ڕەش بێت.
- بۆ ناونیشان پێویستە قەبارەی (١٢) و بۆڵد و بەکاربهێنرێت.
- بۆ ناوەڕۆک قەبارەی (١٢) بێت
- دوری نێوان لایەکانی لاپەڕە (Margins) جۆری (Moderate) بێت.
- دوری نێوان دێڕەکان (١.١٥) بێت.
توێژەری بەڕێز لە ئەگەری بونی نەخشە و وێنە لەناو توێژینەوەکەت، پێویستە لەناوەڕاستی لاپەڕەکان بەشێوەیەکی جێگیر(Move With Text) دابنرێت تاوەکو لە ئەگەری تێکچون بەدوربێت، فۆنتی نەخشە و وێنەکان لەناو توێژینەوەکە لەناوەڕاست بێت.
توێژەری بەڕێز پێویستە توێژینەوەکەت لە (٨٠٠٠) وشە زیاتر نەبێت بەپێچەوانەوە لە ئەگەری زیادبونی وشەکان توێژینەوەکەتان وەرناگیرێت لە گۆڤار بەمەبەستی بڵاوکردنەوە.
پێویستە ژمارەی لاپەرەکان دیجیتاڵی بێت و بە دواییەکدا بێت، تکایە ژمارەی ڕۆمانی بەکارمەهێنن.
لاپەڕەی سەرەتا
ئەگەر توێژینەوەکە زمانی (کوردی یان عەرەبی یان فارسی یان تورکی) بو، سەرەتا ناونیشان و پوختەو ناو و شوێنی کارکردن و کلیلە وشەکان بە زمانی ئینگلیزی دەنوسرێت دواتر ناونیشان و پوختە کلیلە وشە بە زمانی نوسین دەنوسرێت لە لاپەڕەی یەکەم.
ناونیشانی توێژینەوە:
ناونیشانی توێژینەوە نابێت لە (١٥) وشە زیاتر بێت.
شوێنی کارکردن:
ناوی توێژەر یان توێژەران دەبێت بەبێ ناونیشانی ئەکادیمی یان پیشەیی بنوسرێت (بۆ نمونە، پڕۆفیسۆر، دکتۆر).
پێویستە بەو ڕیزبەندییە ناوی توێژەران بنوسرێت، کە لە هەژمارەکە نوسراوە:
بەشی ...، کۆلێژی ...، زانکۆی ...، شار، هەرێمی کوردستان، عێراق.
ئیمەیڵ:
پێویستە لەسەر توێژەر ئیمەیڵێکی دروست و پیشەیی بەکاربهێنرێت، هەروەها لەسەر توێژینەوەکە تەنها ئیمێڵی نوسەری سەرەکی دەنوسرێت سەرجەم ئیمێڵی توێژەرەکانیتر لە هەژمار دەخڵ دەکرێت. نمونە لە خوارەوە هەیە.
پوختەی توێژینەوە:
(زۆرترین 250 وشە): دەبێت پوختەیەکی توێژینەوەکە پێشکەش بکات، لەوانە پێشەکییەک، کێشەی توێژینەوەکە، ئامانجەکان، ڕێباز، وردەکارییەکانی داتا و نمونەگرتن، ڕێبازی شیکاری و ئەنجام.
کلیلە وشەکان:
کلیلە وشەکان پێویستە لە (٤) بۆ (٦) وشە پێکهاتبێت و بە شێوازی ئەلفوبێی زمانەکە ڕیزبەندی بکرێت.
پێشەکی توێژینەوە:
بابەتی توێژینەوەکە و گرنگییەکەی و ئامانجەکانی و ئەو کێشەیەی کە باسکراوە بناسێنێت.
پێداچونەوەی كارەكانی پێشو:
تێڕوانینێکی گشتی لەسەر توێژینەوەکەت بدە.
رێکارەکانی کۆکردنەوەی زانیاری:
دیزاینی توێژینەوە، شێوازەکان، کەرەستەی بەکارهاتو، بۆ نمونە، ڕێکارەکانی کۆکردنەوەی زانیاری و تەکنیکەکانی شیکاری بە ڕونی ڕون بکەرەوە.
ئەنجامەکانی کۆکردنەوەی زانیاری:
ئەنجامەکان بەشێوەیەکی ڕون بخەڕو. لە کاتی پێویستدا خشتە، هێڵکاری، یان ژمارە بەکاربهێنە.
گفتوگۆ:
لێکدانەوە و ڕونکردنەوەی گرنگی ئەنجامەکان و بەستنەوەیان بە توێژینەوەکانی پێشو.
ئەنجامی کۆتایی توێژینەوە:
ئەنجامە سەرەکییەکانی تێدا بخرێتەڕو، هەروەها پێشنیار بۆ لێکۆڵینەوەکانی داهاتو بخرێتەڕو.
ئاماژەپێدان و سەرچاوەکان:
هەمو ئەو ئاماژە یان سەرچاوانەی کە لە توێژینەوەکەدا بەکارتهێناون، ئاماژەیان پێبدرێت.
خشتە و وێنە و هێڵکاری:
خشتەکان و هێڵکارییەکان دەبێ بە ڕونی ژمارەیان بۆ دابنرێت (بۆ نمونە، خشتەی یەکەم، وێنەی ١).
دڵنیابە لەوەی وێنەکان یان گرافەکان بە کوالێتی بەرزن (JPEG، PNG، یان TIFF).
ناوەرۆکی توێژینەوە:
ناوەرۆکی توێژینەوە پێویستە بە شێوازێکی ڕون و ئەکادیمی بێت، ناوەڕۆکی ستاندارد بەم شێوەی خوارەوەیە:
ڕێكەوتەكانی، وەرگرتن، و ‘بڵاوکردنەوە:
لەسەر توێژەر پێویستە بەبێ دەستکاریکردن (بەتاڵی) بهێڵرێنەوە و دەستکاری نەکات، چونکە ئەمانە لەلایەن گۆڤارەکەوە لە کاتی پرۆسەی بڵاوکردنەوەدا تەواودەکرێن.
پێشکەشکردن:
هەروەها، توێژەر دەبێت توێژینەوەکەی خۆی لە ڕێگەی سیستەمی پێشکەشکردنی ئۆنڵاینی گۆڤارەکەمانەوە پێشکەش بکات نەوەک ئیمەیڵ. هەروەها دەبێت توێژینەوەکە لە بەرگی سەرەکی گۆڤار گیرابێت لە کاتی پێشکەش کردن. بە پێچەوانەوە، هەر پێشکەشکردنێک ئەو مەرجانی تێدا نەبو لە قۆناغی سەرەتایی پێداچونەوە دەگەڕێندرێنەوە یان ڕەتدەکرێنەوە.
کرێی بڵاوکردنەوە:
پێویستە توێژەر دوای جێبەجێکردنی مەرج و ڕێنماییەكانی گۆڤار کرێی بڵاوکردنەوەی توێژینەوەکەی بدات، بەبێ کرێی بڵاوکردنەوە کار لەسەر توێژینەوەکە ناکرێت، كرێی بڵاوكردنەوەكە بڕی (175000) سەدو حەفتاو پێنج هەزار دینارە.
پەیوەندیکردن:
بە دواداچون بۆ توێژینەوەکەن لە هەژماری خۆتەوەیە لە پۆڕتاڵی سەرەکی (RJH). پەیوەندیکردن لەڕێگەی ئیمێڵەوەیە بۆ کاری پێویست.
پەراوێز:
لە ئەگەری بونی پەراوێز پێویستە بکەوێتە کۆتایی توێژینەوەکە.
شێوازی ڕێکخستنی سەرچاوەکان
- ڕێژەی ئاماژە پێدان بە سەرچاوەکانی توێژەر نابێت لە ڕێژەی (٪١٠) زیاتر بێت.
- سەرجەم ئاماژەپێدان و سەرچاوەکان بە شێوازی هارڤارد پەیرەو دەکرێت.
- فۆنتی سەرچاوەکان هەمان فۆنتی ناوەرۆک بێت قەبارەی (١٠) بێت.
- ڕیزبەندی سەرچاوەکان بەپێی ئەلفوبێ بێت خاڵبەندی هەبێت.
- ڕێکخستنی سەرچاوەکان پێویستە یەکێک لە پڕۆگرامەکان بەکارهاتبێت بۆ ڕێکخستنیان (Mendele- Zotero-Endnote)
مافی بەکارهێنان و بڵاوکردنەوە بۆ گۆڤار :RJH
گۆڤاری زانستە مرۆڤایەتییەکانی ڕاپەڕین (RJH) پابەندە بە بنەما زانستییەکان و جێبەجێکردنی بەرزترین ئاستی ئەکادیمی بۆ هەر توێژینەوەیەک. هەر توێژەرێک کە توێژینەوەکانیان لە گۆڤاری زانستە مرۆڤایەتییەکانی ڕاپەڕین بڵاودەکەنەوە، بەتەواوی خاوەندارێتی مافی چاپ و بڵاوکردنەوەی کارەکانیان دەپارێزرێت، لە هەمان کاتدا مافی یەکەم وەک بڵاوکار بە گۆڤارەکە دەبەخشن. ئەمەش بۆ پاراستنی موڵکی هزری توێژەر و بڵاوکردنەوەی بەرفراوانترین کاری زانستی مسۆگەر دەکات.
سەرجەم فیرکارییەکان
لینکی چۆنیەتی دروست کردنی هەژمار و پێشکەش کردن
لینکی تێمپلێتەکان
شێوازی (Harvard Referencing Style) بۆ ئاماژە پێدان بە سەرچاوە
شێوازی هارڤارد چییە؟
شێوازی هارڤارد سیستمێکی (ناوی توێژەر و ساڵە). واتە لە ناو تێکستدا تەنها ناوی کۆتایی توێژەر و ساڵی چاپکردنەکە دەنووسین. ئەم شێوازە بەسەر دوو بەشدا دابەش دەبێت:
- ١. ئاماژەدان لەناو دەق (In-text citation).
- ٢. لیستی سەرچاوەکان لە کۆتایی توێژینەوەکە (Reference List).
ئاماژەدان لەناو دەق (In-text Citation)
ئەگەر یەک توێژەر بوو: (ناوی کۆتایی، ساڵ). بۆ نموونە: (پەیوەند، ٢٠٢٣).
ئەگەر دوو توێژەر بوون: (ناوی یەکەم و ناوی دووەم، ساڵ). بۆ نموونە:
(هەڵگورد و پەیوەند، ٢٠٢٣).
ئەگەر زیاتر لە سێ توێژەر بوون: ناوی یەکەم دەنووسیت و دەڵێیت "و ئەوانی تر". بۆ نموونە:
( ئەحمەد و ئەوانی تر، ٢٠٢٣).
لە شێوازی هارڤاردا، دوو ڕێگای سەرەکی هەن بۆ ئاماژەدان بە سەرچاوە لەناو دەقدا:
شێوازی ئاماژە پێدان لەناو کەوانە(In Parenthesis) :
ئەم شێوازە کاتێک بەکاردێت کە دەتەوێت زانیارییەکە وەک ڕاستییەکی سەلمێنراو دابنێیت و سەرچاوەکە لە کۆتایی ڕستەکەدا و لەناو کەوانەدا باس بکەیت. لێرەدا جەخت لەسەر زانیارییەکە دەکەیەوە نەک توێژەرەکە.
گۆڕانی کەشوهەوا کاریگەری ڕاستەوخۆی لەسەر کشتوکاڵ هەیە (ئەحمەد، ٢٠٢٣).
شێوازێکی دیکە هەیە پێی دەگوترێت گێڕانەوە(Narrative Citation) :
ئەم شێوازە کاتێک بەکاردێت کە ناوی توێژەرەکە دەبێتە بەشێک لە ڕستەکەت. لێرەدا جەخت لەسەر ڕۆڵی توێژەرەکە دەکرێتەوە. لەم حاڵەتەدا تەنها ساڵەکە دەخرێتە ناو کەوانە.
یاسا: ناوی کۆتایی توێژەر (ساڵ)
ئەحمەد (٢٠٢٣) ئاماژە بەوە دەکات کە گۆڕانی کەشوهەوا کاریگەری لەسەر کشتوکاڵ هەیە.
هەروەها لە بیرت بێت، In-Text Citation دابەش دەبێت بەسەر دوو جۆردا
١. دووبارە داڕشتنەوە: Paraphrasing
دووبارە داڕشتنەوە Paraphrasing باوترین جۆرە، کاتێک کە تۆ بیرۆکەی توێژەرەکە وەردەگریت، بەڵام بە وشە و شێوازی خۆت دەی نووسیتەوە. لێرەدا پێویست بە نیشانەی وتە ناکات و نووسینی ژمارەی لاپەڕەش ئیختیارییە (بەڵام ناوی توێژەر و ساڵ هەر دەبێت هەبن.
ئەحمەد (٢٠٢٣) پێی وایە کە پێشکەوتنی هەر وڵاتێک پەیوەستە بە کوالێتی سیستەمی خوێندنیەوە.
٢. وەرگرتنی وەک خۆی یان ڕاستەوخۆ Direct Quotation:
کاتێک تۆ دەقەکە وەکو خۆی، وشە بە وشە، لە سەرچاوەکە دەگوازیتەوە بۆ ناو توێژینەوەکەت. لێرەدا مەرجە دەقەکە بخەیتە نێوان دوو نیشانەی وتە " ". هەروەها، جگە لە ناوی توێژەر و ساڵ، دەبێت ژمارەی لاپەڕەکەش بنووسیت. مەرجی سەرەکییە.
"پەروەردە بەردی بناغەی گەشەپێدانە" (پەیوەند، ٢٠٢٣، ل. ٤٥).
تکایە زیاتر Paraphrasing بەکاربێنە توێژەری بەرێز. هەبوونی بەشێکی زۆر و زیاد لە ڕێژەی %10 وادەکات توێژینەوەکەت هی خۆت نەبێت.
رێبەری ئاماژەدان بە سەرچاوەکان (بە شێوازی هـاڤەرد)
١. پەرتووک (Book)
شێواز: ناوی کۆتایی نووسەر، پیتی یەکەمی ناوی توێژەری توێژەر. (ساڵ) ناوی پەرتووک. چاپی چەندەم. شوێنی چاپ: دەزگای چاپ.
نموونە: هەلگورد، ک. (٢٠٢٠) فێربوونی کۆمپیوتەر. چاپی دووەم. سلێمانی: ناوەندی ڕێنوێن.
٢. وتاری گۆڤار (Journal Article)
شێواز: ناوی کۆتایی نووسەر، پیتی یەکەمی ناوی توێژەر. (ساڵ) ناوی وتار. ناوی گۆڤار، ژمارەی بەرگ (ژمارەی گۆڤارەکە)، لاپەڕەکان.
نموونە: هەلگورد، ک. (٢٠٢١) زانستی کۆمپیوتەر. گۆڤاری زانکۆی راپەرین، ٢٣(٤)، ل.ل. ١٥-٣٠.
٣. وتاری گۆڤاری ئۆنلاین - خاوەن کۆدی DOI
شێواز: ناوی کۆتایی نووسەر، پیتی یەکەمی ناوی توێژەر. (ساڵ) ناوی وتار. ناوی گۆڤار، ژمارەی بەرگ (ژمارەی گۆڤارەکە)، لاپەڕەکان. DOI.
نموونە: هەلگورد، کـ. (٢٠٢٣) کاریگەری تەکنەلۆژیا لەسەر پەروەردە. گۆڤاری ئەکادیمی، ١٢(١)، ل.ل. ٥-١٨. .......................................................................................................................
٤. ماڵپەڕ (Website)
شێواز: ناوی کۆتایی توێژەر یان دامەزراوە (ساڵ) ناوی لاپەڕەکە. بەردەستە لە: بەستەر (ڕێکەوتی بینین: ڕۆژ مانگ ساڵ).
نموونە: زانکۆی راپەرین (٢٠٢٤) ڕێنمایی وەرگرتنی خوێندکاران. بەردەستە لە: ............... (ڕێکەوتی بینین: ١٨ کانوونی دووەمی ٢٠٢٦).
٥. ڕاپۆرت (Report)
شێواز: دامەزراوە یان توێژەر(ساڵ) ناوی ڕاپۆرت. شوێن: دەزگای چاپ.
نموونە: وەزارەتی پلاندانان (٢٠٢٢) ڕاپۆرتی ساڵانەی ئابووری. هەولێر: چاپخانەی حکومەت.
٦. وتاری کۆنفرانس (Conference Paper)
شێواز: ناوی کۆتایی نووسەر، پیتی یەکەمی ناوی توێژەر. (ساڵ) ناوی وتارەکە. لە: ناوی کۆنفرانس، ڕێکەوت، شوێن. شوێنی چاپ: دەزگای چاپ، لاپەڕەکان.
نموونە: ئاسۆس، پـ. (٢٠٢٢) تەکنیکەکانی نووسین لە زماندا. لە: کۆنفرانسی نێودەوڵەتی بۆ تەکنۆلجیا، ١٠-١٢ ئایار، رانیە. رانیە: زانکۆی راپەرین، ل.ل. ٨٨-٩٥.
٧. پەرتووکی ئەلیکترۆنی (e-Book)
شێواز: ناوی کۆتایی نووسەر، پیتی یەکەمی ناوی توێژەر. (ساڵ) ناوی پەرتووک. چاپ. شوێن: دەزگای چاپ. بەردەستە لە: بەستەر (ڕێکەوتی بینین: ڕۆژ مانگ ساڵ).
نموونە: پەیوەند ، ڕ. (٢٠١٨) مێژووی ئەدەبی زمانی ئینگلیزی. چاپی یەکەم. رانیە: ناوەندی ڕۆشنبیری. بەردەستە لە: .....
(ڕێکەوتی بینین: ١٨ کانوونی دووەمی ٢٠٢٦).
٨. ڤیدیۆی ئۆنلاین (Online Video)
شێواز: دروستکەر یان ناوی کۆتایی توێژەر(ساڵ) ناوی ڤیدیۆ. پلاتفۆرم. بەردەستە لە: بەستەر (ڕێکەوتی بینین: ڕۆژ مانگ ساڵ).
نموونە: پێگەی راپەرین (٢٠٢٦) چۆنیەتی فێربوونی گرافیک دیزاین. یوتیوب. بەردەستە لە:...............
(ڕێکەوتی بینین: ١٨ کانوونی دووەمی ٢٠٢٦).